ڕاگرایەتیی سەنتەرەکانی توێژینەوە و پەرەپێدانی زانکۆی کۆیە خولێکی شەش ڕۆژە لەبواری بەهێزکردنی توێژینەوە بۆ مامۆستایانی زانکۆی کۆیە بەڕێوەدەبات.
ڕۆژی یەکشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ی کوردی بەرامبەر ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ی زایینی، خولێکی شەش ڕۆژی لە بواری بەهێزکردنی توێژینەوە لە ڕاگرایەتیی سەنتەرەکانی توێژینەوە و پەرەپێدانی زانکۆی کۆیە دەستی پێکرد.
ئەم خولە شەش ڕۆژەیە لە بواری بەهێزکردنی توێژینەوە بە ئامانجی پێشنیارکردنی ڕێکاری جۆراوجۆر وەک چۆنیەتی دۆزینەوەی گۆڤاری گونجاو بۆ توێژینەوە، بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە بواری توێژینەوە و ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنانی سیستەمەکانی گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان بۆ مامۆستایان بەڕێوەدەچێ و چەندین بابەتی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێ بەمشێوەیەی خوارەوە:
بابەتی "Using Scholar AL and GTP AI" سەبارەت بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە بواری توێژینەوە لەلایەن پ.ی.د هەڵگورد سەرهەنگ مغدید پێشکەش دەکرێ.
بابەتی "Malpractice in Research and Publications" سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانی لە توێژینەوە و بڵاوکراوەکان لەلایەن پ.د کیهان زرار غفور لە ڕۆژی دووەم پێشکەش دەکرێ.
بابەتی " Research Impact in Real Life" سەبارەت بە کاریگەریی توێژینەوە لە ژیانی ڕۆژانە لەلایەن پ.ی.د زانا محمود حسن پێشکەش دەکرێ.
بابەتی"Research Submission (ORCID,Editorial Manager, EDAS, etc." سەبارەت بە ناردنی توێژینەوە لە سیستەمەکانی گۆڤار و کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن د. هێمن محمد صالح پێشکەش دەکرێ.
بابەتی " Journal Quality Recognition" سەبارەت بە ناسینەوەی کواڵیتیی گۆڤارەکان لەلایەن پ.د عباس برهان پێشکەش دەکرێ.
زانکۆی کۆیە وەک ناوەندێکی باڵا و ئاکادیمی کە کاری لە پێشینەی توێژینەوە و پەرەپێدان بەو بوارەیە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی خۆیدا یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پلانەکەی تایبەت کردووە بە کۆڵەکەی "توێژینەوە و داهێنان" تاکوو بەشێوەیەکی کردەیی و ڕێکخراو کار بۆ بەرەپێشبردن و گەشەسەندنی توێژینەوە بدات.
Image
留言 (0)