لە چوارچێوەی هەوڵەکانی زانکۆی کۆیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەژێر ڕۆشنایی کۆڵەگەی (بە نێودەوڵەتی کردن و پێگەی جیهانی)ی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە ٢٠٢٣-٢٠٢٧ و ئامادەکارییەکان بۆ سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بواری نەوت، بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د. محمد حسیب صديق سەردانی کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری چین لە هەولێر کرد و لەلایەن بەڕێزان جێگری کۆنسوڵی گشتی، لیۆ ژینیۆنگ و بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی کۆنسوڵخانەی چین، چین گوژینگەوە پێشوازییان لێکرا.
لە میانی دیدارەکەدا، بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە باسی لە ئاست و پێگەی زانکۆی کۆیەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کرد و مێژوو و هەیکەلیەتی ئێستای زانکۆی کۆیەی خستەڕوو.
بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆی کۆیە پلانێکی ستراتیژیی پێنج ساڵەی داڕشتووە و ئەو پلانە وەکو دەستوورێک وایە بۆ کاری پێنج ساڵەی داهاتووی زانکۆکە.
بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، دیدگا، ڕوانگە، ئامانج و کۆڵەگەکانی پلانەکەی خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆی کۆیە هەنگاوی گرنگی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ناساندن و کردنەوەی دەرگای هەماهەنگی بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی کۆڵەگەکانی پلانەکە وبەتایبەت کۆڵەگەی (زانکۆی سەوز) ناوە.
هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە باسی گرنگی و دووایین ئامادەکارییەکانی سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی نەوت: چارەسەرکردنی پاشماوەکان لە پیشەسازیی نەوت و گاز کە ٢٨-٣٠ی نیسانی ٢٠٢٤ لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەدەچێت کرد و بانگهێشتنامەی ئامادەبوونی کۆنفرانسەکەی پێشکەشی بەڕێز جێگری کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی چین کرد.
لای خۆیەوە بەڕێز جێگری کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی چین لە هەولێر، لیۆ ژینیۆنگ خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە دەربڕی و ئاماژەی بە ئاست و پێگەی زانکۆی کۆیەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کرد.
بەڕێز جێگری کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی چین لە هەولێر، ستایشی ڕۆڵی بەڕێز سەرۆکی زانکۆ و ستافی زانکۆی کۆیەی کرد لە داڕشتنی پلانێکی ستراتیژیی پێنج ساڵە بۆ زانکۆکە و ئاماژەی بەوە کرد کە دانانی پلانێکی ستراتیژیی یەکێکە لە کارە هەرە گرنگەکان بۆ سەرجەم دامەزراوەکان و بە تایبەتی زانکۆکان و ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەماهەنگی و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی کۆڵەگەکانی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە و بە تایبەتی کۆڵەگەی (زانکۆی سەوز) لە چوارچێوەی یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن نیشاندا.
هەر لە میانی دیدارەکەدا بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د محمد حسیب صديق وێنەیەکی لە پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیەی ٢٠٢٣-٢٠٢٧ی پێشکەشی بەڕێز جێگری کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی چین لە هەولێر، لیۆ ژینیۆنگ کرد.
هاوکات، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی زانکۆی کۆیە، د.پەخشان فەهمی فەرحۆش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.
Image
留言 (0)